سکای نیوز: قاسم سلێمانى هەڕەشەى کووشتنى ژمارەیەک سەرکردە دەکات

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادارى عێراقى ئاماژەیان بەوەکردوە کە قاسم سلێمانى فەرماندەى سوپاى قودسى ئێران هەڕەشەى کوشتنى لە چەند سەرکردەیەکى سوننەکان کردوە ئەگەر بڕیارى چوونەپاڵ ئەو هاوپەیمانێتیە بدەن کە موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادى سەرۆکایەتى دەکەن.

سکاى نیوز بڵاویکردەوە، " قاسم سلێمانى پەیامى راستەوخۆى کوشتن و تەسفییەکردنى بۆ چەند سەرکردەیەکى سیاسى سوننەکان ناردوە ئەگەر بڕیارى چوونەپاڵ هاوپەیمانێتیەکەى سائیرون و نەسر بدەن".

لیستەکانى سائیرون بە ڕابەرایەتى موقتەدا سەدر و نەسر بە سەرۆکایەتى عەبادى و حیکمە بە سەرۆکایەتى عەممار ئەلحەکیم و وەتەنیە بە سەرۆکایەتى ئەیاد عەلاوى هاوپەیمانێتیان لە نێواندایە بە ئامانجى دروستکردنى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى وەک هەوڵێک بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق.

ئامانجى قاسم سلێمانى لەو هەڕەشانەش ئەوەیە پاڵ بە هێزە سوننەکانەوە بنێت لەگەڵ  هەردوو لیستى فەتح بە سەرۆکایەتى هادى عامرى و دەوڵەتى یاسا بەسەرۆکایەتى نوری مالیکى هاوپەیمانى بکەن، کە هەردوو لیستەکە ئێران پشتگیرییان دەکات.

لە ١٢ى ئایارى ڕابردوودا هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە عێراق بەڕێوەچوو،  لە ١٩ ى ئابدا دادگاى باڵاى فیدراڵى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنەکەى پەسەند کرد.



PM:01:50:01/09/2018