دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ئەکاونتێکەوە بەناوی مارین مەلا بەختیار، لەسەر کاندیدکردنی مەلا بەختیار بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و، کۆبوونەوەی ناوبراو لەگەڵ برێت ماکگۆرک، ناوبراو روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.
ئەو روونکردنەوەیە کە ئاراستەی سپی کراوە، تیایدا هاتووە " بەڕێزان، ئێوارەی ئەمڕۆ، سایتەكەتان، سەرەڕای ئەوەی بەگومان بووە، بەڵام هێشتا خۆی ماندوو كردووەو هەواڵێكی لەسەر پۆستی پەیجێكی فەیسبووك، گوایە هی منە! داڕشتووەو بڵاویكردۆتەوە".
دەقی روونکردنەوەکە
بۆ سایتی سپی مییدیا-ی بەڕێز...سڵاو
بەڕێزان، ئێوارەی ئەمڕۆ، سایتەكەتان، سەرەڕای ئەوەی بەگومان بووە، بەڵام هێشتا خۆی ماندوو كردووەو هەواڵێكی لەسەر پۆستی پەیجێكی فەیسبووك، گوایە هی منە! داڕشتووەو بڵاویكردۆتەوە..
لێرەوە دەمەوێت، بە بەڕێزتان و سەرجەم سایتو ماڵپەڕەكانی تری رابگەیەنم، كە ئەو پەیجە دوور و نزیك، هیچ پەیوەندییەكی بەمنەوە نییەو دیارە، بەداخەوە لەنێو ئەم بازاڕە شێواوەی مییدیا و سۆشیال مییدیادا، ئەم پەیجە فەیكانە زۆرن، كە دەیانەوێ سود لەناوی هەریەكێك وەربگرن، بەئامانجی كۆكردنەوەوی زۆرترین لایك و پاشان فرۆشتنەوەی..بەئومێدیشەوە، زۆری نەماوە، ئەو كەسە هەلپەرستە، باجی هەڵەكانی لەڕێگەی یاساو دادگاوە، بدات.
لەگەڵ رێزمدا
مارین مەلا بەختیار
ئێوارەی 5/9/2018 سلێمانی