خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە

جارێكی تر خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە شاری بەسڕە دەستی پێكردەوەو شەڕە تەقەش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروستبوو، چەند بینایەكی حكومیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنران.

ئەمڕۆ 6ی ئەیلولی 2018، جارێكی دیكە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەلایەن هاوڵاتیانی شاری بەسڕە لەدژی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی كار، دەستی پێكردەوەو بەگوێرەی میدیاكانی عیراقیش، خۆپیشاندەران بۆ جاری دووەم، ئاگریان لە بینای پارێزگای بەسڕە بەرداو بینای ئەنجومەنی پارێزگاش سوتێنرا، كە بەگوێرەی زانیارییەكان، لەكاتی سوتاندنی بینای ئەنجومەنی پارێزگا، هیچ خۆپیشاندەرێكی لێ نەبووە.

هەواڵەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، شەڕە تەقە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروستبووە، بەڵام تائێستا زانیاری لەبارەی ژمارەی كوژراوو بریندارەكان نییە.

رۆژی سێشەممە 4ی ئەیلول، خۆپیشاندەرانی بەسڕە، لە تۆڵەی كوژران و برینداربوونی چەندین هاوڵاتی بەدەستی هێزە ئەمنییەكان، هێرشیانكردە سەر بینای پارێزگاو بەتەواوی سوتاندیان.



PM:07:00:06/09/2018