"سپی" نھێنێ نامەکەی مەلا بەختیار ئاشکرا دەکات

دوێنێ بڕیاربووە مەلا بەختیار  و کۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام بارزانی ببینن، بەڵام کۆبوونەوەکە ھەڵدەوەشێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سپی میدیای ڕاگەیاند،  ئەو نامەیەی مەلا بەختیار  کە داوای بەخشین دەکات لە وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی  پەیوەستە بە تێکچوونی پەیوەندی نێوان خۆی و بافڵ تاڵەبانی.

سەرچاوەکە وتیشی، دوێنێ پێنج شەممە بڕیاربووە ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار  و بافڵ  تاڵەبانی  سەردانی بارزانی بکەن، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە  پەیوەندی نێوان مەلا بەختیار  و بافڵ  تاڵەبانی  تێکدەچێت و  مەلا بەختیار بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، تۆ بۆت نییە بەشداری ئەو کۆبوونەوانە بکەیت ، چونکە ھیچ پۆستێکی باڵات لە نێو یەکێتیدا نییە.

لە بەرامبەردا کۆسرەت رەسوڵ بە مەلا بەختیار دەڵێت ، من پێم وتووە بەشداری کۆبوونەوەکە بکات.

سپی ئەوەشی زانیوە، بەو ھۆیەوە کۆبوونەوەکەی پیرمام ھەڵوەشاوەتەوە ، بەڵام بافڵ تاڵەبانی دواتر بارزانی بینیوە.

ھۆکاری تێکچوونی پەیوەندی نێوان مەلا بەختیار  و بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بافڵ تاڵەبانی  پشتگیری بەرھەم ساڵح دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.




PM:02:08:07/09/2018