بەرپرسێکی گۆڕان لەسەر هەڵوێستی ئایندەی پرۆژەی چاکسازی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

یەکێک لەو بەرپرسانەی گۆڕان کە پرۆژەی چاکسازیان پێشکەش رێکخەرو خانەی راپەڕاندن کردووە بۆ ماڵپەڕی سپی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات.

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی سپی میدیا، رەوەزی رەوەز هەڵكەوت، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و کاندیدی ئەو بزوتنەوەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لەو کادرانەی پڕۆژەی چاکسازیان پێشکەش بە گۆڕان کردوە، دەربارەی کاتی پێشکەشکردنی پرۆژەکە لەم کاتە هەستیارەدا کە هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردندایە، وتی " سەرەتا ئەمە پڕۆژەی ئێمە نییە بە تەنها،ئەمە داخوازی هەمو گۆرانخوازانە ئێمە تەنها کۆکەرەوەی بیرۆکە و راوبۆچونی بەشێکی زۆر لە هەڵسوڕاوان و خەمخۆرانی گۆڕان بوین، سەبارەت بە تەوقیتەکەشی ئێمە پێمان وایە چاکسازی کاتی بۆ نییە و ئەکرێت لەهەمو دۆخێکدا بڕیار لە چاکسازی بەیت بە مەرجێک ئرادەیەکی بەهێز بۆ چاکسازی هەبێت، بۆیە ئێمە داواکارین کە چی زوە بڕیاڕ لەم چاکسازیانە بدرێت دواتر ئەکرێت بۆ هەر خاڵێک سەقفێکی زەمەنی دانرێت بۆ جێبەجێکردنی بەپێی ئەولەویەت".

سەبارەت بە هەبوونی ئیرادە لەنێو گۆڕان لە ئێستادا، رەوەز هەڵکەوت وتی " بەدڵنیایەوە و لەهەمو کات زیاتر بونی هەیە، ئێمە کە ئەم پڕۆژەیەمان گەڵاڵە کرد لەگەڵ زۆرێک لە ئەندامانی هەردو جڤات و ژورەکان و رایەڵەکانی گۆڕان کۆبوینەوە و پیشتوانمان بون، را و سەرنجی خەمخۆرانی گۆڕان لە رۆشنبیران و نوسەرانمان بە هەند وەرگرت، پاشان دوا دەقمان خستە بەردەم خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی، ئێستا ئەم پڕۆژەیە بوە بە پڕۆژەی هەمو ئەوانەی کە چاکەی گشتیان ئەوێت و خوازیارن ئامڕازی ئەو چاکەیە هێزێکی تۆکمەی خاوەن متمانەبێت کە ئەویش گۆڕانە".

دەربارەی ئەو رەخنانەی رووبەروویان بووە بەتایبەتی دوای بلآوبوونەوەی پرۆژەکەیان لە ماڵپەڕی سپی، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی گۆڕان وتی" ئەوانەی ئەو رەخنانە ئەگرن هەر خۆیان ئەم پڕۆژەیەیان لە میدیاکان بڵاو کردۆتەوە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی، ئەوانەی کە ناویشمان لەسەر بڕۆژەکە هاتوە زۆربەمان پلە و پۆستی حزبی و پەرلەمانیمان هەیە هیچ پێویستمان بەوە نیە لەڕێی پڕۆژەوە خۆمان بە پاڵەوان کەین مەرامی ئێمە یەک شتە، گێڕانەوەی گۆڕان بۆ سەردەمی زێڕینی لەرێی گەڕانەوەی بۆ رێچکە ئەسڵیەکەی خۆی، بە کورتی بزوتنەوەی گۆڕان بکەینەوە موڵکی نیو ملیۆن دەنگدەرەکەی و وای لێبکەین لە ئاستی خەون و چاوەڕوانیەکی ئەواندا بێت".

رەوەز هەڵکەوت هەنگاوی ئایندەی ئەم گرووپەو چارەنووسی پرۆژەکە، ئاشکرا دەکات و دەڵێت " بەشێکی زۆری ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی تەبەنای ئەم پڕۆژەیەیان کردوە و بە هی خۆیانی ئەزانن، ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک لە جڤات بڕیاری لەسەر نەدرا یان نەخرایە بەرنامەی کارەوە ئەوا دڵنیابن ئێمە ناوەستین و سورین لەسەر چاککردنی گۆڕان و بەتەنهاش نین".
دەقی پرۆژەکە کە رۆژی ٣ی ئەیلول ماڵپەڕی سپی بلآویکردەوە..




ئه‌م بابه‌ته ‌7936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:52:07/09/2018