نەتەوەیەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لە سێدارەدانى سێ زیندانییە کوردەکە دەکات

دوو نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوایان لە حکومەتی ئێران کردووە بڕیاری لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی سێ زیندانیکراوی سیاسی کوردی هەڵوەشێنێتەوە.

ماڵپەڕی سی بی ئێن بڵاویکردووەتەوە، ئاگنێس کاڵامەرد و جاوید ڕەحمان هەردوو نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوایان لە حکومەتی ئێران کردووە بڕیاری لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی سێ زیندانیکراوی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەجێ ڕابگرێت و دواتریش هەڵیبوەشێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، "نیگەرانین لەوەی زانیاریمان پێگەیشتووە زانیار و لوقمان مورادی لە پێش بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیان و لەکاتی دادگاییشیاندا مافەکانیان پێشێلکراوە و ئەشکەنجەدراون".

نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاشیگەیاندووە ، ئەو سێ زیندانییە خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، هەروەها ڕێگەیان پێنەدراوە پارێزەریان هەبێت.

دوێنێ دایکی زانیار مورادی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، کوڕەکەیان گواستووەتەوە بۆ بەندی سوپا لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و پێیانڕاگەیاندووە، ڕۆژی شەممە لەسێدارەدەدرێت.

زانیار و لوقمان مورادی خەڵکی مەریوان هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەرکران و دواتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامێتی کۆمەڵە و "تیرۆرکردنی'' کوڕی پێشنوێژی مەریوان و هەروەها سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا.

ڕامین حسێن پەناهیش هاوینی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستگیرکرا و ٢٥ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک و هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران و ئەندامێتی کۆمەڵە بڕیاری لەسێدارەدانى بۆ دەرچوو، تۆمەتێک کە بەردەوام لەلایەن بنەماڵەی حسێن پەناهییەوە ڕەتدەکرێتەوە و پارێزەری ناوبراویش بڕیارەکەی بە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو و نادادپەروەرانە وەسفکردووە.



AM:09:06:08/09/2018