ئەمریکا لەسەر سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە هاتە دەنگ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەک لەبارەی سووتاندنی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەسرە، دەردەکات.

لە بەیاننامەکەدا، کە لە پەیجی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، خۆپیشاندان  مافێکی دەستووریی هاووڵاتییانە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، کە سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی دیپلۆماتکاران دەکات و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات، خۆپیشاندانەکان بە هێمنانە ئەنجام بدەن و دیپلۆماتکاران و دەزگاکانیان بپارێزن.

رۆژی هەینی 7/9/2018، خۆپیشاندەرانی بەسرە کونسوڵخانەی ئێرانیان سووتاند و هوتافیان دژی هەژموونی ئەو وڵاتە لە عێراق، دەکێشا.



AM:09:36:08/09/2018