هاوپەیمانی سائیروون داوای دەستلەکارکێشانەوە لە عەبادی دەکات

هاوپەیمانی سائیروون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر داوا لە عەبادی و کابینەکەی دەکات دەست لەکار بکێشنەوە و داوای لێبووردنیش لە گەلی عێراق بکەن. 

ئەمڕۆ شەممە ٨ی ئەیلول، حەسەن عاقولی، سەرۆکی هاوپەیمانی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هاوپەیمانی سائیروون داوا لە حەیدەر عەبادی و کابینەی وەزارییەکەی دەکات دەست لەکار بکێشنەوە و داوای لێبووردنیش لە گەلی عێراق بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە،" دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، کە بە ئامادەبوونی 172 پەرلەمانتار و سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان و پارێزگاری بەسرە  بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی خۆپیشاندان و داواکارییەکانی خەڵکی بەسرە، وەڵامی وەزیرەکان جێگەی متمانە نین".

حەسەن عاقولی  لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوەشکرد، "هاوپەیمانی سائیروون هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز دەدات".

 ئەمەش لەکاتێکدایە  هەریەک لە هاوپەیمانی سائیرۆن بە سەرۆکایەتی  موقتەدا سەدر لەگەڵ هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی عەبادی پێکەوە هاوپەیمانن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.


PM:08:41:08/09/2018