سه‌رۆك كۆماری عیراق لەسەر رووداوەکەی کۆیە هاتە دەنگ

سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ی سه‌ر باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ شاری كۆیه‌ پێشێلكارییه‌كی مه‌ترسیداری ئاسایشی وڵاته‌.

 ئه‌مڕۆ شەممە ٨ی ئەیلول، لە بەیاننامەیەکدا  نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی د. فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق ئاماژەی بەوە کرد، ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ شاری كۆیه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هیدو برینداربوون كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵن.

 لە بەیاننامەکەدا هاتووە، به‌كارهێنانی هێز رێگایه‌كی باش نییه‌و پێویسته‌ كێشه‌كان به‌ رێگای ئاشتی و گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكرێن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا سەرۆککۆماری عێراق داواش له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵكی ئێران ده‌رگای گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا بكاته‌وه‌و كێشه‌كان به‌ رێگه‌ی دیبلۆماسی و ئاشتی چاره‌سه‌ر بكات. 


PM:09:28:08/09/2018