مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەکەی کۆیە راگەیاند

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر بۆردومانكردنی باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری كۆیه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ئاماژەبەوەدەکات، "هەڵوێستی یەكێتی، هاوپێناوە لەگەڵ سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە خاكی هەرێم بۆ هیچ جموجۆڵێكی سەربازی دژی وڵاتانی دراوسێ‌ بەكار نەیەت". 

دەشلێت،"نە خەباتی چەكداری، ستراتیژی رزگاریی‌و دیموكراسی بەدی دێنێ‌ و نە سیاسەتی تۆپباران و بۆردومان و نكوڵی كردن لە مافە سیاسییەكانی كوردستان، كۆتایی بەخەباتی ئازادیخوازی نەتەوەی كوردستان دێنێت".

دەقی راگەیەندراوەكە....

تۆپبارانەكەی ئێران‌و هەڵوێستی یەكێتیی!

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەروەكو وتەبێژی یەكێتی بۆچوونی سەرەتایی یەكێتی راگەیاند، تۆپبارانێكی سەختی بارەگاكانی هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان، لەناوچەی (بلەكێ‌)وە كرا و وردە وردە زیانەكانی تۆپبارانەكە لەم سەعاتانە دەركەوتن. 

ئێستا زانیمان كە (16) تێكۆشەری سەركردەو كادر شەهید و دەیانیش لەژن‌و مناڵ‌و پیاو بریندار بوون.

ئەم هەواڵە، بۆ هەموو كوردێك‌و ئازادیخوازان، دڵتەزێن بوو. هەڵوێستی یەكێتی، هاوپێناوە لەگەڵ سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە خاكی هەرێم بۆ هیچ جموجۆڵێكی سەربازی دژی وڵاتانی دراوسێ‌ بەكار نەیەت. ئەم هەڵوێستەی یەكێتیی، چەندینجار لەلایەن نوێنەری رەسمی یەكێتییەوە، بەهەموو هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، راگەیەندراوە. حكومەتی هەرێمیش، بڕیاری پێشێل نەكردنی یاساو رێسای ئەمنی بەلایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵات راگەیاندووە. بەڵام، بەپێچەوانەی سیاسەت‌و بڕیاری حكومەتی هەرێم، تێكهەڵچونی عەسكەری، پەیتا پەیتا رویداوە. كار گەیشتە ئەم كارەساتە دڵتەزێنەی ئەمڕۆ.

 وەكو هەمیشە، یەكێتی نایشارینەوە، لەهیچ بەشێكی كوردستان، نە خەباتی چەكداری، ستراتیژی رزگاریی‌و دیموكراسی بەدی دێنێ‌ و نە سیاسەتی تۆپباران و بۆردوومان و نكوڵی كردن لەمافە سیاسییەكانی كوردستان، كۆتایی بەخەباتی ئازادیخوازی نەتەوەی كوردستان دێنێ‌!

مێژوو سەلماندویەتی، گەلانی ستەملێكراو، لەخەباتی جۆراوجۆریان بەردەوام دەبن، بەتۆپباران و لەسێدارەدانی تێكۆشەرانی وەكو (رامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی) هەرگیز، كۆتایی بەكێشەی مافی چارەی خۆنوسین نەك نایەت، بەڵكو گەرمتر جۆشی دەدات. بۆیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پرەنسیپی خۆی دووپاتدەكاتەوە كەوا:

مێزی دانوستاندن‌و ئاشتی و رێككەوتنی سەلماندنی مافە دیموكراسییەكان، تاقە رێگای تاقیكراوی دروستە. ئەم كارەساتەی (8)ی ئەیلولیش، ئومێد دەخوازین، ببێتە پەندی سیاسی بۆ درێژەپێنەدانی سیاسەتی نەگونجاو لەگەڵ سەردەمەكەدا، لەلایەن هەموو لایەكەوە.

هەڵبەتە، هەموولایەك دەزانێ‌، ئێمە كوردین‌و هەست‌و سۆزی نەتەوەیی، میراتێكی هەزاران ساڵەیە بۆمان ماوەتەوە، چۆن كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەر هەستی مەزهەبی، ناتوانێ‌ دەستبەرداری شیعەكانی لوبنان، یەمەن، سوریا، عیراق، ئەفغانستان‌و پاكستان بێ‌، لەو پێناوەشدا، لەگەڵ وڵاتانی گەورەو ئیقلیمی لەشەڕو لەململانێدایە، ئێمەش ناتوانین بێبەری بین لەهاوسۆزی و هاوئامانجی نەتەوەیی‌و دیموكراسی، بەوشێوە خەباتە مەدەنی‌و ئاشتیخوازییەی باوەڕمان پێیەتی.

-هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدانی (8)ی ئەیلول
-هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
(8)ی ئەیلولی 2018


PM:10:37:08/09/2018