کوڕی پێشەوا پرسەنامەیەک ئاراستەی حیزبی دیموکرات دەکات


 عەلی قازی كوڕی پێشەوا قازی محمد سەرۆك كۆماری كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا لە رێگای  سپی میدیاوە هێرشی سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکرات بەتوندی مەحکوم دەکات و سەرخۆشی خۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە " من بە توندی هێرشی دوێنێی ئێران لە دژی بارەگای هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە شەرمەزار دەكەم. كە لە ئاكامدا ژمارەیەكی زۆر شەهید و برینداری لێكەوتەوە.هەمان رۆژ دەوڵەتی ئێران سێ‌ گەنجی كوردی لە سێدارەدا و جوانە مەرگ بوون، ئەوەی ئێران لە دژی باوكی من مەرحوم پێشەوا قازی محمد سەرۆك كۆماری كوردستان و كۆماری كوردستان كردی، زیاتر لە حەفتا ساڵ پێش ئێستا، لە سەر هەمان سیاسەت ئێستاش هەر بە ردە وامە".
عەلی قازی لە درێژەی لێدوانەكەیدا تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە، كە مەرحوم سەرۆك كۆماری كوردستان پێشەوا قازی محمد، وەسێتی خۆی بۆ گەلی كورد كردبوو، كە بەردەوام تەركیزی لەسەر یەكێتی نێوان ریزەكانی كورد دەكرد، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ لەبەرامبەر ئەو هێرشە دڕندانەیەی دوژمنانی كوردستان، پێویستە حیزب و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و هەموو بەشەكانی تری كوردستان یەك بن و یەكگرتووبن.
هەروەها وتی "دەوڵەتی ئێران و هەموو دەوڵەتەكانی تر، كەمافی كوردییان زەوت كردوە، پێوستە بەرێكای دیالۆگ و ئاشتییانە كێشەی كورد چارەسەر بكەن. بە هیچ شێوەیەك بە كوشتن كێشەی كورد چارەسەر نابێت".
عەلی قازی بانگەوازێكی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەورپا و ئەمریكا و بۆ عێراق و هەموو ناوەندی جیهانی كرد، پشتیوانی گەلی كورد بن و رێ لەو هێرشە ناڕەوایانەی دژ بە حیزبی كوردی و ژن و مناڵی بێتاوانی كورد و كورد بە گشتی رابگرن.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا عەلی قازی پرسە و سەرە خۆشی بۆ خۆیی و گەلی كورد و هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستان و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان راگەیاندن و هیوای چاك بوونەوەی بە پەلەی بۆ بریندارەكان خواست.



PM:07:58:10/09/2018