بۆردومانی بارەگاکانی دیموکرات دەستیپێکردەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆردومانی بارەگانی حزبی دیموکراتی کوردستان "حدک" لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە و "سپی" دوایین زانیاری ئاشکرادەکات.

سۆران نوری، ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چڕی بۆردوومانی بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتیان کردووە لە ناوچەی هەڵگورد و کێلەشین و سنوری برادۆست کە چەندین بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت حزبی دموکراتی کوردستانی لێیە".

ئەو بەرپرسەی "حدک" لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردومانەوە ڕایگەیاند خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە، بەڵام زیانی مادی بەر بنکە و بارەگاکانمان و ڕەز و باخ و ماڵی گوندنیشانی ناوچەکە کەوتووە".

سەبارەت بە وەڵامی ئەوان بۆ تۆپبارانەکانی ئێران ناوبراو وتی: ئێمە وەک حزبی دیموکرات توانای وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێرانمان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە خاکی هەرێمداین ڕێز لە سەروەری و یاساکان دەگرین و لەناو خاکی هەرێمەوە هیچ وەڵامدانەوەیەکمان نابێت بۆ ئەو بۆردومانە، دەبێت حکومەتی هەرێم و عێراق وەڵامیان هەبێت، بەڵام لەدەرەوەی خاکی هەرێم سەربەستین لەوەی هەر جۆرە چالاکیەک دژی ڕژێمی ئێران ئەنجام بدەین".

هاوکات سەرچاوەیەک لە سنوری برادۆست بە "سپی" ڕاگەیاند "دوێنێ چوارشەممە 12ی ئەیلول پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات لە سنوری برادۆست بەشێک لە گوندنشینانیان لەوە ئاگادار کردۆتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆپبارانی سنورەکە دەکات و داوایان لێکردوون گوندەکانیان چۆڵبکەن، بەو هۆیەشەوە دوێنێ 10 گوند چۆڵ کراون".

تۆپبارانی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێت بەرەبەیانی شەممەی ڕابردوو سێ زیندانیانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارەدران.

کاتژمیر ١٠ و ٤٥ خولەکی پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، سوپای پاسدارانی ئێران قەڵای دیموکرات و کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە موشەکباران کرد و بەو هۆیەشەوە ١٥ کەس کە زۆربەیان ئەندامان و کادرانی حزبی دیموکراتی کوردستان بوون، شەهید بوون و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.



PM:03:07:13/09/2018