ڕوونکردنەوەیەک لەسەر کوشتنی گەنجەکەی هەولێر بڵاوکرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر کوشتنی کارمەندێکی نەخۆشخانەی تایبەتی سویدی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە بەهەڵە کوژراوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "دوابەدوای ڕووداوی کوشتنی سالار سدیق لە ١٢ی ئەم مانگەدا، دەنگۆی ھۆکاری کوشتنەکەی بەم شێوەیە لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە گوایە بەھۆی گیانلەدەستدانی کەسێک لە نەخۆشخانەی تایبەتی سویدی وەک تۆڵە سەندنەوەیەک ھەستاون بە کوشتنی سالار سدیق بەرپرسی ژمێریاری ئەم نەخۆشخانەیە بەڵام ئەو دەنگۆیە دوورە لەڕاستییەوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای دەستگیرکردنی، تاوانبار (ی، ئ، ح) دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ڕووداوەکە بەو شێوەیە بووە کە بەهۆی کێشەیەکی خێزانیی نێوان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تایبەتی سویدی و خێزانەکەی کە دەکاتە خوشکی بکوژ، برای خێزانەکەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ناوبراو چووەتە نەخۆشخانەکە و دوای دەرچوونی سالار سدیق لە نەخۆشخانەکە بەهەڵە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە و سالاری کوشتووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاوڵاتیان کردووە گوێ بۆ هەواڵی ناڕاست نەگرن و نەیکەنە سەرچاوە بۆ وەرگرتنی زانیاری.

چوارشەممەی ڕابردوو و لە شەقامی سەد مەتری شاری هەولێر سالار سدیقی تەمەن ٣٤ ساڵ تەقەی لێکرا و کوژرا، دواتر پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، بکوژی ئەو هاوڵاتییەی لە کۆیە دەستگیر کردووە.



AM:11:20:14/09/2018