بەرهەم ساڵح و یەکێتی لەکۆبوونەوەدان

بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەگەڵ شاندی یەکێتی لە سلێمانی لە کۆبوونەوەدان.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری بەرپرسانی باڵای هەردوولا لە ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ بەڕێوەدەچێت.

شەوی ڕابردوو "سپی" لەزاری چەند سەرچاوەیەکی بالآی یەکێتی یەوە بڵاویکردەوە گفتوگۆی نێوان یەکێتی و بەرهەم ساڵح، گفتوگۆی نێوان دوو حیزب نییە تا بە پرۆسەیەکی یەکگرتنەوەدا تێپەڕێت، بەڵکو زیاتر گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحە بۆ نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەو گفتوگۆیە لەسەر گەڕانەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی هاوپەیمانیە کە ئارەزوو دەکەن بۆ نێو ریزەکانی یەکێتی، بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆک  کۆماری ئایندەی عێراق بە د. بەرهەم ساڵح.

سپی زانیویەتی بەرهەم ساڵح نابێت بە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەبێ گەڕانەوەی بۆ  نێو ئەو حیزبە، هەروەها بەرهەم ساڵح دەبێت ئەو دوو پەرلەمانتارەی کە لەهەڵبژاردنی ١٢ ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بگەڕێنەوە بۆ نێو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، هاوکات لەگەڵ گەیشتن بەرێکەوتن هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری هەڵوەشێنرێتەوە، هەرچی میدیای هاپەیمانییە دابخرێت، بەتایبەتی تەلەفیزۆنەکەی، یان بەتەواوی میتۆدی کارکردنی خۆی بگۆڕێت و گوتاری سیاسی نزیک بێتەوە لە میدیاکانی یەکێتی.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەو کاتەی د. بەرهەم ساڵح ئەم هەنگاوانەی نا، ئەو دەمە کاندید دەکرێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا چەندان دەنگی نێو بنەماڵەی تالەبانی و زاواکانی ئیبراهیم ئەحمەد و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەیە، دژی پێدانی ئەو پۆستەن بۆ بەرهەم ساڵح و لەهەموو ساتێکدا ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە هاوکێشەکان پێچەوانە ببێتەوەو بەرهەم ساڵح " دەستی لە بنی هەمانەکەوە " دەربچێت.

هەروەها پۆستی سەرۆک کۆمار دوای سپاردنیشی بە بەرهەم ساڵح لەژێر کۆنترۆڵی ماڵی تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا بێت، وەک ئێستا سەرۆکایەتی د. فواد مەعسوم.

بەپێی زانیاریەکانی سپپی، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، پەیوەندی نییە بە تۆماری دەنگدانەوە کە ئەگەری ساختەکاری گەورەی لێدەکرێت، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە بەرهەم ساڵح ئەم بڕیارەی داوە بۆ ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا رووبەرووی یەکێتی و پارتی نەبێتەوەو ریسکەی لێ بێتەوە بە خوری.

چاودێران پێیانوایە پرۆسەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی چەند رۆژێکی کەم دەخایەنێت، ئەو گفتوگۆیە بەهەردوو رووکەیدا کراوەیە.

پرسی کاندیدکردن سەرۆک کۆمار عێراق لەلایەن یەکێتی یەوە ئەگەر زۆر بخایەنێت و یەکلایی نەکرێتەوە، سپی زانیویەتی پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری دەکات.  
 



PM:12:23:14/09/2018