ڕۆژێکی دیکە دەرکرێتە پشوو

جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان، ڕایگەیاند کە هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنێك له‌ پشووى ڕۆژانى شه‌ممه‌ى قوتابخانه‌كان هه‌یه‌ و له‌ هه‌وڵیشیداین كه‌ هه‌فته‌ى ڕۆژێك بۆ مامۆستایان بكرێته‌ پشوو.

عه‌تا ئه‌حمه‌د، جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان، بە ماڵپەڕی باسی وتووە: "دواى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بڕیارى دا پشووى ڕۆژانى شه‌ممه‌ له‌ قوتابخانه‌كان نه‌مێنێـت، هه‌فته‌ى 6 رۆژ ده‌وام بكرێت، ناڕه‌زایى و گله‌ییه‌كى زۆرى مامۆستایانى لێكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ و مامۆستایانیش پێمان وایه‌ كه‌ ده‌بێت پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ هه‌ڵبگیردرێت ئه‌وجار مامۆستا ته‌واوى ڕۆژه‌كان ده‌وام بكات".

ڕاشیگەیاندووە، کە‌‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی دا كه‌ گوتوویه‌تى ده‌بێت شەش ڕۆژ ده‌وام بكرێت، مه‌به‌ستى له‌ ده‌وامى قوتابخانه‌ بووه‌ و باسى نه‌مانى پشووى مامۆستاى نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئێستا وه‌ك یه‌كێتیى مامۆستایان له‌ هه‌وڵدان كه‌ ڕۆژێك بۆ مامۆستایان بكه‌نه‌ پشوو، واته‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ته‌واوى ڕۆژه‌كان جگه‌ له‌ هه‌ینى ده‌وامى قوتابخانه‌ بكرێت، به‌ڵام هه‌ر ڕۆژه ‌و مامۆستایه‌ك یان زیاتر له‌ پشوودا بێت، به‌وه‌ش گله‌یى و گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە دواى جێگیركردنى ئه‌و هه‌وڵه‌یان قوتابخانه‌كان ده‌توانن خۆیان خشته‌ى ڕۆژانى پشووى قوتابخانه‌كان دابنێن.


ئه‌م بابه‌ته ‌8612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:05:14/09/2018