پێشنیاری نوێی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار
مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەکاتەوە

ئێوارەی ئەمشەو ١٤ی ئەیلول مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر دوو پرسی پەیوەندیدار بە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەدواداچوونی بەردەوامی پۆستی سەرۆک کۆمار و گفتوگۆکانیاندایە لەگەڵ هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوەوە.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیەو کاندیدەکەشیان فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیە، ئەم بژاردەیەی پارتی بە یەکێتیش وتراوە، بەلآم تا ئێستا بە فەرمی پارتی ئەمەی رانەگەیاندووە.

هەروەها سپی ئەوەشی زانیووە کە پارتی بە خودی بەرهەم ساڵحیان راگەیاندووە کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە ناوبراو نادەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

بەپێی ئەو زانیاریانە تا ئێستا نازانرێت کە ئایا ئەو رایەی پارتی بە یەکێتی و بەرهەم ساڵحیان راگەیاندراوە، ڕای مەسعود بارزانییە، یان رای نێچیرڤان بارزانی، سپی زانیوویەتی نێچیرڤان بارزانی زۆر دژی پێدانی ئەو پۆستەیە بە بەرهەم ساڵح، بەلآم رای مەسعود بارزانی تا ئێستا دیار نییە لەسەر ئەو پرسە.
 
ئەو جموجوڵە سیاسیە لە کاتێکدایە کە پێویستە تا سبەی پرسی کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە لەنێو لایەنە سیاسیە کوردیەکاندا. 

PM:11:24:14/09/2018