حکومەتی عێراق هێز لەسەر سنوری تورکیا بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نشتیمانی عێراق کۆبووەتەوە وحەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران فەرمانیکردووە بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوری عێراق و تورکیا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نشتیمانی کۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کراوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکە ئەنجومەنەکە بڕیاریداوە بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوری هاوبەشی عێراق و تورکیا بۆ پاراستنی سنور لە هەر پێشێلکارییەک، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پێداویستییەکان دابیندەکرێت.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاسپێردراوە بۆ تۆمارکردن و بە بەڵگەنامەیی کردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ ئاسمانی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خستنە بەردەمی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر دۆخی ئەمنی شاری بەسرە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکومی و تایبەتی.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا جگە لە عەبادی ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق ئامادە بوون.

ناوبەناو ئەنجومەنی ئاسایشی نشتیمانی کۆبوونە ساز دەکات بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوخۆ و پەیوەندار بە دۆخی عێراقەوە.



PM:10:48:16/09/2018