بڵێسە جەبار فەرمان: کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەشکۆی کەمدەکاتەوە

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە مانەوەی بەرهەم ساڵح لە ریزی یەکێتی گرنگتر بووە لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو دەڵێت" کاندید کردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە شکۆی ئەو کەم دەکاتەوە".

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی بڵێسە جەبار فەرمان لەسەر گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەڵێت" سەرۆک کۆماری هەمیشە یەکریزی و یەکبوون مایەی بەهێز بوونە و پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی پێگەی کورد لە عیراق دا و لەبەرانبەر دوژمنانمان. هەمیشە لەگەڵ ئەوەدام هەموو حزبە کوردیەکان هاوپەیمان و هاوهەڵوێست بن بەتایبەتی لەسەر پرسە نیشتیمانیەکان. زۆر خۆشحال بووین بە هاتنەوە بەرێز بەرهەم سالح بۆ نێو ریزەکاکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێگومان کاک بەرهەم کەسایەتیەکی گەورە و بەتوانایە و کارکردن و درێژەدان بە خەباتی لەنێو ریزەکانی یەکێتی نیشتیمان کوردستان وەک خۆی دەفەرمویت جێگای دەستخۆشیە و مەزنیە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان, بەڵام من پێو وایە کاندید کردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە شکۆی ئەو کەم دەکاتەوە". 

بڵیسە جەبار کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشە دەڵێت" رازی بوونی ئەو بە کاندید کردنی ئەو بۆچونە لای رای گشتی پشت راست دەکاتەوە کە تەنها بۆ وەرگرتینی ئەو پۆسە هاوپەیمانی دروست کردووە و، دواتریش هاتۆتەوە نێو یەکێتی، بۆیە پێم باش بوو بەردەوام بێت لە کاری سیاسی و لە پۆستی خۆی وەک سکرتێری دووەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان".

ئەو کە ئەمڕۆ لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح کۆبوونەوەکەی جێهشت، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت" بێگومان رای زۆرینەی سەرکردایەوی قبول دەکەم و هەوڵی سەرخستی دکتۆر بەرهەم دەدەم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە".

ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی بەزۆرینەی ئەندامەکانی بڕیاری گەڕانەوەی د. بەرهەم ساڵح قبوڵکراو، دواتر وەک بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی  سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.  



PM:08:06:19/09/2018