پارتى هەڵوێستی خۆی لەسەر کاندیدی بونی بەرهەم ساڵح راگەیاند

پارتى دیموكراتى كوردستان رایگەیاند  پۆستی سه‌رۆكی كۆمار ئیستحقاقی گه‌لی كوردستانه‌ و نابێ هیچ لایه‌نێك ته‌نیا به‌ موڵكی خۆی بزانێت، بۆیه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئەو پۆستە كاندیدی خۆیان ده‌بێت.

مەحمود محەمەد، وته‌بێژى پارتى لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، "ڕیار وابوو برایانی یه‌كێتی دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئاگاداریان نه‌كردینه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌كانه‌وه‌ بیستمان كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحیان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو یه‌كێتی، تاك لایانه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پاڵاوتووه‌".

ئەوەشی خستوەتەڕوو،"
ئێمه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ پۆستی سه‌رۆكی كۆمار ئیستحقاقی گه‌لی كوردستانه‌ و نابێ هیچ لایه‌نێك ته‌نیا به‌ موڵكی خۆی بزانێت، بۆیه‌ پارتیمان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی ده‌بێت".

ده‌قى رونكردنه‌وه‌کە:

لێدوانێك له‌ وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، ده‌رباره‌ی پاڵاوتنی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌:

ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ جێگری سكرتێری گشتی و به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی، خواست و هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ بوو وه‌ك چۆن به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌ك به‌رنامه‌یه‌یی له‌ به‌غداین، هه‌رواش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێكبكه‌وین، هه‌روه‌ها وه‌كو ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن به‌حه‌قی خۆمان زانی  پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ چه‌ند جارێكه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ كاندیدی بۆ دیاری كراوه‌، ئه‌م جاریان له‌ لایه‌ن پارتیمانه‌وه‌ و به‌ كاندیدی پارتیمان پربكرێته‌وه‌، له‌م باره‌وه‌ش پێشنیار و را گۆرینه‌وه‌مان هه‌بووه‌، بڕیار وابوو برایانی یه‌كێتی دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئاگاداریان نه‌كردینه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌كانه‌وه‌ بیستمان كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحیان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو یه‌كێتی، تاك لایانه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پاڵاوتووه‌.

ئێمه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ پۆستی سه‌رۆكی كۆمار ئیستحقاقی گه‌لی كوردستانه‌ و نابێ هیچ لایه‌نێك ته‌نیا به‌ موڵكی خۆی بزانێت، بۆیه‌ پارتیمان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی ده‌بێت.

مه‌حمود محه‌مه‌د
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
19/9/2018



PM:08:57:19/09/2018