کوردێکی فەیلی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید دەکات

پرۆفیسۆر كەمال قیتۆلی بەفەرمی كاندیدكرد بوونیخۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق راگەیاند، سەرجەم مامەڵەکانیشی تەواوکردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئەیلول كەمال قیتۆلی کە هاووڵاتییەكی كوردی فەیلیە رایگەیاند، بەفەرمی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق كاندید كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم مامەڵە فەرمیەكانی تەواو كردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەیەوێت لە رێگەی ئەو پۆستەوە نوێنەرایەتی تەواوی تایفە و نەتەوە جیاوازەكانی عێراق بكات و لایەنەکانی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و زانستی و ئابووریی عێراق بەرەو پێش بەرێت.

ئەو پرۆفیسۆرە باسی لەوەشکردووە، لەکاتی وەرگرتنی پۆستەکەدا ڕووی گەشی عێراق و ئەو تایبەتمەندییانەی، کە لە عێراقدا هەیە دەربخات و دەستووریش بپارێزێت.

پرۆفیسۆر كەمال قیتۆلی لە شاری بەغدا لەدایك بووە و بڕوانامەی ماستەری لە زانستی جێبەجێكاری لە ساڵی 1978دا بەدەست هێناوە، هەروەها دكتۆراشی لە كیمیای پزیشكی لە زانكۆی گلاسكۆی سكۆتلاند وەرگرتووە، لە ئێستاشدا لە شاری دهۆک نیشتەجێیە.



PM:09:35:19/09/2018