تۆڕی شەمس:دەیان چاودێری وڵاتان ناویان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن تۆمار کردووە

 تۆڕی شەمس بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند،  دەیان چاودێری لە وڵاتانی ئەمەریکا و ژاپۆن بە فەرمی ناوی خۆیان بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە.
 
ھۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، چاودێریی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و تا ئێستاش ھەردوو وڵاتی ژاپۆن و ئەمەریکاش بە فەرمی ناوی خۆیان تۆمار کردووە.

وتیشی، لە ئێستادا وڵاتانی دیکەش سەرقاڵی خۆتۆمارکردنن و نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمیش سەرقاڵی ناردنی ڕێکخراوە بیانییەکانن، لەوانە بەریتانیا چەند ڕێکخراوێکی ناردووە.

هۆگر چەتۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ڕێگەی ئێمەشەوە نزیکەی ٢٣ چاودێری نێودەوڵەتی بە ١٢ ناسنامەی جیاوازی وڵاتان خۆیان تۆمار کردووە و ئێستا سەرقاڵی وەرگرتنی ڤیزان بۆیان، لەوانە سێ کەس خەڵکی ئوردن و دوو کەس خەڵکی لوبنان و دوو کەسیش لیبیا و یەکێکی تونسی و یەکێکی یەمەنی و یەکێک خەڵکی تورکیا و دووانیش خەڵکی ئیتاڵیان و دووی دیکە بەریتانیایی و سێ کەسیش خەڵکی ئەڵمانیا و یەکێکیش ئوستوراڵیایی و یەکێکیش نەرویجییە."

بڕیارە لە٣٠ی ئەم مانگەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیش سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە و ئێستاش بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچێت.



AM:12:22:20/09/2018