وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەهۆی چەند هەڵسوکەوتێکی نەشیاوەوە راجح موسەوی، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران بانگهێشت دەکاتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات.
ئەحمەد مەحجووب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی داوایکردوە دەستبەجێ باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران بگەڕێتەوە بەغدا.
هەروەها وتی هۆکاری بانگهێشتکردنەوەی باڵیۆزەکەی عێراق بۆ ئەو هەڵسوکەوتە نابەرپرسانە دەگەڕێرتەوە، کە لە تاران بەرامبەر بە هاووڵاتیانی عێراقی نواندوویەتی، ئەمەش وەزارەتی دەرەوەی نیگەرانکردووە.
ئەحمەد مەحجووب ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە ناوبراو بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت و هەموو رێوشوێنە یاساییەکانیش لەبەرامبەر رەفتارەکانی دەیگرێتە بەر.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە پێویستی دەزانێت، هەر وەک باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکە، باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران ماڵی هەموو عێراقییەکان بێت.
راجح موسەوی خەڵکی بەسرەیە و لە ساڵی 2015ـەوە باڵیۆزی عێراقە لە ئێران، لە ماوەی رابردوودا بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە مامەڵەی لەگەڵ ژمارەیەک رەوەندی عێراقی لە تاران کردووە، بەوهۆیەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی بەرفراوان بووەتەوە، ئەمەش نیگەرانی وەزارەتی دەرەوەی لێ کەوتووەتەە.