باوکێک دوو منداڵەکەی فڕێ دەداتە سەر جادە

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، باوکێک دوو منداڵی خۆی فرێداوەتەسەر شەقام و بەوهۆیەشەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراوە. لە روداوێکی دیکەشدا و بە تۆمەتی هەڵکوتانەسەر سۆپەرماركێتێك  هەشت کەس دەستگیر دەکرێن.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە کاتژمێر سێی شەوی رابردوو لە گەڕەكی ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی  باوكێك دوو منداڵی خۆی بەلێدان و ئەشكەنجە فڕێدەداتە سەر جادە .

ئەوەشخراوەتەڕوو، هێزەكانی پۆلیس دەستبەجێ‌ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو توانرا تۆمەتبار( باوكی منداڵەكان ) دەستگیر بكرێت بە فەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 7ی خێزانی.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئێستاشدا منداڵەكان بۆ خانەی چاودێری مێردمنداڵان گواستراونەتەوەو، لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە .
 
لە درێژەی راگەیاندراوەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە شەوی ڕابردوو لەگەڕەكی ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی چەند كەسێك هەڵدەكوتنە سەر سۆپەرماركێتێك و دەستڕێژی گولە دەكەن بەو هۆیەوە كەسێك بریندار دەبێت .

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین بە هاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتن توانرا لە ماوەیەكی كەمدا 7 تۆمەتباری ڕوداوەكە بەفەرمانی بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەكانی (405-31 و 477 ) دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر كڵاشینكۆفێك و چەند گولەیەكدا.



PM:12:45:20/09/2018