هونەر ئەو گەنجەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هێرشی دەکرێتەسەر چیرۆکی روداوەکە دەگێرێتەوە

ئەو گەنجەی کەلە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە ھێرشی دەکرێتەسەر و برینداردەکرێت، چیرۆکی رووداوەکە دەگێڕێتەوەو سەرجەم راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشكرادەکات.

ھونەری نانەواچی، ئەو گەنجەی لە یەکێک لە نانەواخانەکانی شاری سلێمانی کار دەکات رایگەیاند، "ھیچ خزمایەتییەکی لەگەڵ ئەو کەسەدا نییە کە هێرشی کردووەتەسەر ، تەنھا ئەوە نەبێت کرێچی ماڵی باوکی ھاوسەری ئەو کەسەیە، کە ھێرشی کردووەتە سەر".

دەشڵێت،" رووداوەکە لەوەوە دەستی پێکردووە، کاتێک ھاوسەری ھێرشبەرەکە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی، ھاتووەتە ماڵی ئەوان و بەگریانەوە باسی لە کێشەکەی کردووە، ئەویش وەکو ئامۆژگاریی و ئەنجامدانی کارێکی باش بە تەلەفۆنی ھاوسەرەکەی خۆی؛ تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێیوتووە ھاوسەرەکەت ببەرەوە لای خۆت و ماڵێکی بۆ بگرە با ئەوەندە ئەملاو ئەولا نەکات". 

لە درێژەی قسەکانیدا هونەر دەڵێت،" دوای دوو مانگ لەو تەلەفۆنە و جیابوونەوەی ئەو کەسە لە ھاوسەرەکەی، تەلەفۆنی بۆ کردووە و وتویەتی دێم بۆ سەردانت، بەڵام ھەستی بەوە نەکردووە کە خراپەی بەرامبەر دەکات".

 هەروەها دەڵێت، لەکاتی سەردانەکەیدا، دوای ماوەیەک لە چاودێریکردنی هێرشبەرەکە، چووەتەلای و پێی وتووە،
"تۆ خۆت بەچی دەزانی ئامۆژگاریی من دەکەی؟ من ٢٩ دۆسیەم ھەیە".

هونەر رەتیدەکاتەوە، ھێرشبەرەکە قسەی لەگەڵ کەسوکاری کردبێت، کە وەک لە کەناڵێکی راگەیاندنەوە باسی دەکات و دەڵێت باوک و برای پێیان وتوم، "ئەوەی کوڕەکەیان کردوویەتی شایانی کوشتنە"و لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو کەسە لەو قسەیەدا راست ناکات، جگە لە ئامۆژگاریی ھیچ کارێکی تری نەکردووە. 

ئەو گەنجە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئێن ئاڕ تی،باسی لەوەکرد، لەسەر دۆسیەکەی رایگشتیی بەدەنگھاتووەو لەسەر بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆیەکەش سکاڵا تۆمار دەکات؛ "ئەگەر یاسا ھەیە با مافم بۆ وەربگرن".



PM:02:24:22/09/2018