فازڵ میرانی: پارتی بەرهەم ساڵح-ی قبوڵ نییە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند،  کاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سرۆککۆماری عێرا ق کاندیدبوونی بەرهەم ساڵح-یان ی قبووڵ نییە بۆ ئەو پۆستە.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا و لە پاش بەشداریکردنی لە بانگەشی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاندیدی بونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رایگەیاند "ئێمە کە کاندیدی خۆمان هەبێت، ئەوە مەعلومە کە مونافسی کاک بەرهەم دەبێت، ئەگەر کاک بەرهەممان قبووڵبوایە، کاندیدمان نەدەبوو".

وتیشی،"کاندیدی ئێمە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە دەستنیشان دەکرێت، دواتر لەلایەن برادەرانی ئێمە تاوتوێی دەکرێت و دواتریش لە کۆمیسیۆنی بەغدا دیاریی دەکرێت.

سەبارەت بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق  سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەکرد،" ناوەکان زۆرن، بەڵام هێشتا یەکلانەبووەتەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە دوای کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاش نیوەڕۆ دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دابخرێت.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی خۆیدەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوو کاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە، کاندیدی یەکەم بەرهەم ساڵح-ە، کە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن سەرکردایەتی حزبەکەوە کاندید کراوە، هەروەها د.له‌تیف ڕه‌شید بە شێوەیەکی نافەرمی و بەبێ رەزامەندی حزبەکەی خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردوە.

هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەلایەکەوە پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی خۆی دەزانێت و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی کاندیدی بونی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەکێتییەوە، کە بەوتەی فازل میرانی پارتی ئەو کاندیدەی یەکێتی قبول نییە، بڕیاریداوە کاندیدی خۆی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.



PM:04:25:22/09/2018