پۆلیسی کەرکوک: کەسێک لەکاتی دزیکردندا دەکوژرێت

پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، هاوڵاتیەك لەكاتی هەوڵی دزیكردن لە ماڵێك، لەلایەن كوڕێكی ئەو خێزانەوە، تەقەی لێكراوە کوژرا.

عەقید نەوزاد ستار، بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوا بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند،" كاتژمێر 10:25 خولەكی ئەمڕۆ شەممە 22ی ئەیلول لە گەڕەكی سەرچناری كەركوك، لە نزیك مزگەوتی سەعید تۆماری چوار كەس هەوڵیانداوە هەڵبكوتنە سەر ماڵێك و دواتر تەقەیان لێكراوە، بەهۆیەوە یەكێكیان كوژراوە.

وتیشی، ئەو چوار کەسە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیا سۆرینتۆی رەنگی رەش مۆدیل 2017 یان پێبووە، كەسێكیان لە نێو ئۆتۆمبێلەكەدا ماوەتەوە و سێ كەسەكەی تر هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەك، کە خاوەنی دوكانی فرۆشتنی كەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل بووە لە كەركوك.

هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو چوار کەسە دوای ئەوەی ئافرەتی ماڵەكە بریندار دەكەن، كوڕێكی ماڵەكە دێتە دەست لێیان و تەقیان لێدەكات، بەهۆیەوە یەكێك لە دزەكان دەكوژرێت و ئەوانەی دیكە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵدێن .

بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوا ئاشکراشیکرد، كوژراوەكە تەمەنی لە نێوان 22 بۆ 28 ساڵیدایە، هیچ ناسنامەیەكی پێ نەبووە، تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە و هێزە ئەمنییەكانسش لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێكردووە.


PM:05:30:22/09/2018