سپی نهێنی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

نێچرڤان بارزانی بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندرا و گەیشتە بەغدا و بە گوێرەی زانیارییەکانیش دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو سەردانەوە چەند پەیامێک بە یەکێتی بگەیەنێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سپی میدیای ڕاگەیاند نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی ئەم سەردانەوە بۆ بەغدا دەیەوێت چەند پەیامێک بە یەکیتی بگەیەنێت، گەرنا خۆی هیچ کاندیدێکی تا ئێستا بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیارینەکردووە.

سەرچاوە ئاگادارەکەی سپی وتی نێچیرڤان بارزانی بە بێ ئاگاداری یەکێتی چووەتە بەغدا و دەیەوێت بە یەکێتی بڵێت کە ناکرێت بە بێ ڕەزامەندی ئەوان یەکێتی خۆی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکات.

ڕوونیشی کردەوە کە پارتی پێی وایە کە دەبێت ئەوانیش قسەیان هەبێت لە پۆستی سەرۆک کۆماردا و ناکرێت یەکێتی بەو شێوەیە مامەڵە بکات کە پۆستی سەرۆک کۆمار وپارێزگاری کەرکوکی بە میرات بۆ ماوەتەوە و تەنها خۆیان بڕیاری لێ بدەن.

وتیشی کە نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی ئەو سەردانەیەوە پەیامی ئەوەش بە یەکێتی دەدات کە گەر پۆستی سەرۆک کۆمار بە فلتەری ئەواندا تێنەپەڕێت ئەوا دەتوانن ئاستەنگی بۆ دروست بکەن.



PM:11:39:22/09/2018