لەبارەی دامەزراندنەوە مژدەیەك ڕادەگەیەنرێت

وەزارەتی تەندروستی هەرێم نوێترین زانیاری لەبارەی كردنەوەی دامەزراندن بە گرێبەست بڵاودەكاتەوەو وەزیری تەندروستیش وردەكاریی پڕۆسەكە ئاشكرا دەكات.

لەمیانی بەڕێوەچوونی مەراسیمی كردنەوەی سەنتەرێكی فریاكەوتنی خێرا لەسلێمانی، رێكەوت حمەڕەشید، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "لەساڵی 2014ەوە نزیكەی پێنج هەزار كەس لەكارمەندان و پزیشكانی نەخۆشخانەكانی هەرێم مۆڵەتی بێ موچەیان كردوە یان خانەنشین بوون، بەمەبەستی پڕكردنەوەی ئەو میلاكانەش، پڕۆژەیەكمان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردوە".

راشیگەیاند، ئەو دامەزراندنە بە گرێبەستەو كاتییە، بەشێوەیەك كاتێك كارمەندێك داوای مۆڵەتی بێ موچە دەكات، كەسێك لەشوێنەكەی دادەمەزرێت تا ئەو كاتەی مۆڵەتی كارمەندەكە تەواو دەبێت، وتیشی "ئێستا تەنها رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ماوە بۆ دامەزراندنی ئەو پێنج هەزار كەسە بە شێوەی گرێبەست".

سەبارەت بەكردنەوەی سەنتەری خێرایش (ئیسعاف)، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، سێ سەنتەری فریاكەوتنی خێرا لە نەخۆشخانەی (شار) و نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ لە قڕگەو نەخۆشخانەی سەرچنار كراونەتەوە، بەمەبەستی خێراگەیاندنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە نەخۆش.

ئاشكراشیكرد، پێشتر لەپارێزگای سلێمانی نزیكەی 32 تیمی فریاكەوتنی خێرا هەبوو (ئیسعاف)، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 60 تیم زیادكردووە.



PM:12:38:23/09/2018