خه‌سره‌و گۆران: پارتی نازی هیچ لایه‌نێك ناكێشێت و كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ناكێشێته‌وه‌

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، چیتر حزبەکەی نازی ھیچ لایەنێک ناکێشێت و کاندیدەکەشی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ناکشێنێتەوەلەبارەی کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح ەوە وتی "کاندیدی باشتر ھەبووە کە یەکێتی دەیتوانی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکات".

خەسرەو گۆران بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند؛" ڕاستە د.فوئاد حسێن، پارتی کاندیدی کردووە و پشتیوانی دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بەڵام د.فوئاد کەسایەتیەکی کوردی بێ لایەنە و لەڕووی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان و دەرەوە کەسایەتیەکی ناسراوە".

وتیشی،" ئەگەر یەکێتی پێش کاندیدکردنی کاندیدە فەرمیەکەیان ڕاوێژییان پي بکردینایە ئێستا ئێمە هەڵوێستمان جیاوازتردەبوو، بەڵام ئێشتاش پارتی سورە لەسەر مافی خۆی کە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەهیچ جۆرێک کاندیدەکەمان ناکشێنینەوە، بەڵام دەکرێت، لەگەڵ یەکێتی لەسەر کاندیدێکی بێ لایەن ڕێک بکەوین".

هەروەها دەشڵێت" جگە لەشێوازی کاندیدکردنی کاندیدەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان تێبینی لەسەر خودی کەسایەتی کاندیدەکەش هەیە بەڵام ئێستا ناوترێت، كاندیدی باشتر هه‌بوو یه‌كێتی دیاری بكات، هەر بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی خۆی دیاریکرد،

خەسرەو گۆران ڕەتی دەکاتەوە ئێران یا ئەمریکا لەڕێگای بریت مەکگۆرگەوە جەختی لەسەر ناوی کاندیدێک کردبێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و وتی"ئەوە هەموو بانگەشەیە بۆخۆیانی دەکەن ئەگەرنا نه‌ مه‌كگۆرگ نه‌ هیچ کەس ناوی هیچ کەسی بۆ ئەو پۆستە نەوتووە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاوێژی لەگەڵ لایەنەکانی تر کردووە لەدیاریکردنی کاندیدی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەکاتێکدا ئەو ڕەخنەیە لە یەکێتی دەگرن؟ خەسرەو گۆران وتی" ئێـمە کەدەڵێین لایەنەکانی تر مەبەستمان دوو لایەنی سەرەکیە پارتی و یەکێتیە کە لە(75%)ی کورسیەکانی کوردستانیان هێناوە، ئێـمە پێشتریش داوای ئەو یەکڕیزییەمان کردووە بۆ هەڵبژاردنیش دەستپێشخەربوین یەک لیست بین، بەڵام ئەوان نەهاتن، هەروەها بینیمان لەبابەتی دانانی پۆستی جێگری سەرۆک کۆماری عیراق دوو لایەنە ئیسلامیەکە کاندیدی خۆیان هەبوو، ئێمە پێشتر چاوەڕێی یەکێتی بوین لەدانانی کاندیدەکەی ڕاوێژمان پێبکات، بەڵام کە ئەوەی نەکرد ئێـمەش کاندیدی خۆمان دیاریکرد، ئێـمە دەستپێشخەر نەبوین لە شکاندنی پرەنسیبی پرس کردن بەلایەنەکانی تر لەدانانی کاندید."

سەبارەت بەهەڵوێستی لایەنە عیراقیەکانیش خەسرەو گۆران وتی،" هەڵوێستی لایەنە عیراقیەکان ئیجابیە چونکە ئەو لایەنە عیراقیانە دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگەوە گەورەترین پارتی سیاسیە لەعیراقدا بۆیە هەڵويستیان ئیجابی دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەکی ئاسان نیە دۆستێکی زۆری هەیە هەروەک چۆن دوژمنێکی زۆری هەیە بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کاندیدەکەی خۆمان سەربکەوێت."

خەسرەو گۆڕان ڕەتی کردەوە پارتی لەدواین خولەکەکان کاندیدەکەی بکشێنێتەوە و وتی" سەرۆک بارزانی بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی د.فوئادی دیاریکرد، قسە و هەڵوێستی سەرۆک بارزانیش وەک هەمووکات کۆتایی و یەکلایی کەرەوەیە بۆیە ئێمە بەهیچ جۆرێک بیرمان لەکشانەوەی کاندیدی خۆمان نەکردۆتەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، چونکە ئەوەمافی خۆمانە وەک گەورەترین پارتی سیاسی لەعیراق لەڕووی ژمارەی دەنگەکانەوە."



AM:11:22:24/09/2018