عومەری سەید عەلی: تۆڵەى ئەو ساختەکاریە بکەنەوە کە دەسەڵات لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجامیدا

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند سوربون لەسەر هەڵوێستە چەسپاوەکان و وەستانەوە بەرامبەر دەسەڵات شکۆیەکى گەورەى بۆ بزوتنەوەى گۆڕان دروستکردوە، دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا بە چونە سەر سندوقەکان و دەنگدان بە لیستى گۆڕان تۆڵەى ئەو ساختەکاریە بکەنەوە کە دەسەڵات لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجامیدا.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە، عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە سۆران بانگەشەی هەڵبژاردنێکی کرد و ڕایگەیاند"بزوتنەوەى گۆڕان خاوەنى خەباتێکى سەخت و تێکۆشانێکى زۆرە، لەو تەمەنە کەمەیدا چوینەتە چەند هەڵبژاردنێکەوە و پشت بەست بە دەنگى گۆڕانخوازان سەرکەوتوانە و سەربەرزانە هاتوینەتە دەرەوە سەربارى ئەو ساختەکارییانەى بەرامبەرمان کراوە".
وتیشى:" لەماوەى رابردودا و ئەوەى بەرامبەرمان کراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە لەسەر هەڵوێستى سیاسیمان بوە، چونکە لە سیاسەتدا پرەنسیپ و بەرنامە و بەرژەوەندى هەیە، هەیە دواى بەرژوەندیەکان دەکەوێت و ملکەچ ئەبێت، یان ئەوەتا بەرگرى لە پرەنسیپ و هەڵوێستە سیاسیەکانى خۆى دەکات و ئەوەش باجى خۆى هەیە کە بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەى دوەمیانى هەڵبژاردوە".

عومەر سەید عەلى گرنگى بەشداریکردنى خەڵکى کوردستانى لە پرۆسەى هەڵبژاردن دوپاتکردەوە و وتى: "دەبێت لەم هەڵبژاردنەشدا بە بەشدارى کاریگەر، تۆڵەى ساختەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەنەوە و هەمومان بچینە سەر سندوقەکانى دەنگدان، چونکە بە چونە سەر سندوقى دەنگدان بوارى ساختەکارى کەم دەبێتەوە".
 



PM:09:16:24/09/2018