قائیمقامی چەمچەماڵ گرفتەکانی دەنگدانی ئەمڕۆ ئاشکرادەکات

رەمەک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت ساز کرد و وتی، گرفتی کەمی وێستگەکانیان هەیە.

قائیمقامی چەمچەماڵ داواشیکرد وێستگەی نوێ بکرێتەوە و وتی: کردنەوەی وێستگەی نوێ بە پێویست دەزانین.

هەروەها وتی، لە چەمچەماڵ تەنها ١١ وێستگە هەیە لە هەردوو قوتابخانەی ڕۆژ و فەقێ قادر، چوار هەزار و ١٥٠ کەسیش لە سنوورەکە مافی دەنگدانیان هەیە.

هەر بە وتەی قائیمقامی چەمچەماڵ، هێزە ئەمنییەکان بەشێکیان ناسنامەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و هۆشیاریان بە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن نییە، یاخود لە هەندێک ناوچە ناسنامە و ڕەگەزنامە دەستەواژەی لێکچوویان بۆ بەکاردێت، بۆ نمونە لە هەندێک ناوچە بە ناسمانە دەوترێت (جنسیە) بەڵام بە ڕەگەزنامەش دەوترێت (شەهادە جنسیە) بەو هۆیەوە بەشێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لێیان تێکچووە.

ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان دەستیپێکرد و لە کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی دێت، بە وتەی بەرپرسانی کۆمسیۆنیش کاتی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە.



AM:10:55:28/09/2018