بەرهەم ساڵح کێبەركێی خۆی لەگەڵ فواد حسێن دەباتە پەرلەمانی عێراق

دوای راگەیاندنەکەی بارزانی لەسەر دیداری لەگەڵ بەرهەم ساڵح، ناوبراویش راگەیاندنێكی بڵاوکردەوە کە تیایدا وەڵامی پێشنیارێکی بارزانی دەداتەوە

لەو راگەیەنراوەدا کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانی د بەرهەم ساڵحەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو پێشنیارەی بارزانی رەتدەکاتەوە کە پێشنیاری یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری لەلایەن فراکسیۆنە کوردیەکانەوە دەکات، بەڵکو ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو پرسە بچێتە پەرلەمانی بەغداو لەوێ جیا بکرێتەوە.

بەیانی رۆژی ٢٨ ی ئەیلول سپی میدیا بڵاویکردەوە کە کۆبوونەوەیەک لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار لە نێوان بارزانی و بەرهەم ساڵحدا ئەنجام دەدرێت، دواتر مەسعود بارزانی راگەیاندنێكی بڵاوکردەوەو داوای کرد ئەو پرسە لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەهەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە. 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی راگه‌یاندنی نوسینگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح
 
لە پێناو یەکخستنی نێوماڵی کورد، ئەمڕۆ د بەرهەم ساڵح سەردانی جەنابی کاک مەسعود بارزانی کرد بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پێشهاتەکانی پرۆسەی پێکهینانی حکومەتی عێراق.
 
لەم بارەیەوە دووپاتی دەکەینە ئەگەرچی پۆستی سەرۆککۆمار استحقاقی گەلی کوردستانە، بەڵام یەکلاکردنەوەی ئەم پۆستە تەنها لەلایان هێزە کوردستانییەکانەوە کاتێک ئەکرێت کە دۆخی سیاسی کوردستان ئاسایی بیت، کە بە داخەوە ئێستا بەشێکی گرنگی هێزە کوردستانێکان تەنانەت ئامادەی دانشتن نین لەگەڵ یەک، هەروەها لەم هەڵبژادنەش کاندیدەکان تەنها نوینەرانی یەکێتی و پارتی نین، بەڵکو ژمارەیەک کەسایەتی تری نا حیزبی تیایە و هەروەها گەر سەرۆککۆمار نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق بە کوردستانیشەوە ئەکات ئەوە پێویستە پەرلەمانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات کە ئەمەش هەنگاوێکە بۆ شکاندنی پشکپشکێنەی حیزبی و لە ئێستادا داواکاریەکی گشتی دیمکراتییە.
 
راگەیاندنی نووسینگەی د بەرهەم ساڵح



AM:12:48:29/09/2018