حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران رایگەیاند، ئێران لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە بارەگاکانیانی لە شاخی کۆدۆی لە ناوچەى باڵەکایەتى بۆردومان کردووە و بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەک بریندار بووە.
فەرماندەیى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا) ٢ راگەیاندراوى لەبارەى بۆردومانى ئێران بۆ سەر بارەگاکانیان لە چیاى کۆدۆ بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوی یەکەمدا هاتووە "ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١٢ى نیوەڕۆدا کۆماری ئیسلامی لەرێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، شاخی کۆدۆی بۆردوومان کرد کە وێرای زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە، بەداخەوە، پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بوو".
ئاماژە بەوەشکراوە "پاش ئەوەی رژێمى کۆماری ئیسلامیى ئێران شاخی کۆدۆی بە چڕی بوردمان کرد، کاتژمێر ۱:۳٠ی پاشنیوەرۆ زنجیرە چیاکانی سەقەر و بەربزێن کە بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات تێدا هەڵکەوتووە، بوردمان کرد و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە جگە لە زەرەر گەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە، بە خۆشییەوە هیچ زیانێکی بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان بەدواوە نەبووە".
حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران ژمارەیەک بنکە و بارەگای لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەیە و هەندێکجار لەلایەن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە بۆردومان دەکرێن.
کۆماری ئیسلامیى ئێران لە رۆژی ٨ی ئابی ٢٠١٨دا بە مووشەک بارەگانى حدک و حدکای لە کۆیە بۆردومان کرد و بەو هۆیەوە ١٤ سەرکردە و پێشمەرگەى ئەو دوو لایەنە شەهید بوون، کە ٧ کەسیان ئەندامى سەرکردایەتى حیزبی دیموکراتى کوردستان (حدک) بوون.