کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پێشدەکەوێت

هەرچەندە بڕیار بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەرلەمانی عێراق سبەی ٢ ی تشرینی یەکەم کۆبێتەوە، بەلآم پێشخرا بۆ ئەمشەو کاتژمێر ٨ بڕیارە کۆبێتەوە.

میدیا عێراقییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەبەر ئەوەی سبەی دوا رۆژی سەرۆکایەتی د. فواد مەعسوم دەبێت وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە رووی دەستووریەوە، بۆیە بڕیارە ئەم ئێوارەیە ١ ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوەو پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی دەیەوێت لە ڕێگای فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە هەڵبژاردن بکرێت و ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، بەلآم یەکێتی رەتیدەکاتەوەو گۆڕان و نەوەی نوێش ناچنە کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرەوە.

وەک ئەو میدیانە باسی دەکەن ئەمشەو کاتژمێر ٨ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە ئەوا هەر ٧ کاندیدەکەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەخرێتە دەنگدانەوەو پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر دەدەن. 





AM:11:56:01/10/2018