داوای دەستلەکارکێشانەوەی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان دەکرێت

ئەندامێکی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند کە بەهۆی دوو گرووپەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردندا پاشەکشەی کردووە، بۆیە داوای دەست لەکارکێشانەوەی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانی کرد.

عەبدوڵای مەلا نوری، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە پەیامێکدا ئاشکرایکرد، ڕیگەیاند لە پاشەکشەی گۆڕان بەرپرسیارن، گرووپی یەکەمیان لە ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن پێکدێت کە بەهۆی لاوازی و خراپیی سیاسەت و هەڵوێست و شێوازی بەڕێوەبردنیان بووە، گرووپی دووەمیش کە بەشێکیان ھیچ پۆستێکی رێکخراوەییان نییە، بەھۆی لاوازیی رێکخەر و خانەی راپەراندنەوە، لە دەرەوەی ئۆرگانە فەرمییەکانی گۆڕانەوە پڕۆژە و بڕیاریان ئامادە دەکرد و دەیانسەپاند کە "ھەڵوێست و ھەنگاوەکانی گرووپی دووەم بە جۆرێک بوو، مەترسی لە سەر ناسنامەی بزووتنەوەکەش دروست کرد".

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕان پێیوایە، ئێستا کاتی ئەوەیە رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندن داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازان بکەن و دەست لەکار بکێشنەوە. داواشی کرد: ”رۆڵی خراپی گرووپی دووەم کۆتایی پێ بھێنرێت".

بۆیە داوای لە گۆڕانخوازان و دڵسۆزانی بزووتنەوەکە کردووە، پشتیوانییان بکەن بۆ ڕاستکردنەوەی گۆڕان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی پێشتری گۆڕان. دەشڵێت "ھەر پاساو ھێنانەوەیەک بۆ بێدەنگی و دواخستنی گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناو گۆڕاندا، ھەوڵە بۆ لە ناوبردنی گۆڕان".



PM:03:20:01/10/2018