پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەر لە دەستپێکی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەگەر نەگەنە رێککەوتن. لایەنێکیان کاندیدەکەی خۆی دەکشێنێتەوەو بە دوو کاندیدەوە ناچنە پەرلەمانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی "سپی"، پارتی و یەکێتی بە دوو کاندیدەوە ناچنە نێو پەرلەمانی عێراقەوەو، بڕیارە لایەنێکیان کاندیدەکەی خۆی بکشێنێتەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەو لایەنە کێیەکە لە کێبڕکێکە دەچێتە دەرەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر ئەو دوو لایەنە رێکنەکەون لەسەر کاندیدێک و، سوریشبن لەسەر مانەوەی هەردوو کاندیدەکە، ئەوا ئەگەر زۆرە یەکێک لەو دوو لایەنە کاندیدەکەی لە کێبڕکێکە بکشێنێتەوە.
زانیارییەکانی "سپی" ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر پارتی نەتوانێت سەرکەوتنی د. فواد حسێن لە پەرلەمانی عێراقدا زامن بکات، ئەوا کاندیدەکەی دەکشێنێتەوەو ناچێتە ئەو کێبڕکێیەوە.
بڕیارە كاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی یەكێک لە كاندیدەكان بۆ پۆستی سەركۆماری نوێی عێراق بدات، کە ژمارەیەك كاندید ناوی خۆیان تۆمار كردووە، بەڵام كاندیدە سەرەكییەكان بریتین لە د. فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم کە نوێنەرایەتی پارتی دەکات، لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح کە نوێنەری یەكێتی-ە.