هاوپەیمانی فەتح: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم رادەگرێن


هاوپەیمانی فەتح کە دووەم فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە رایدەگەیەنێت " لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكدەهێنن بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان".

حەسەن شاكر ئەلكەعبی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " بەغدا بێ دەنگ نابێت لەبەرامبەر دەستوەردانە دەرەكییەكان لەكاروبارەكانی ناوخۆی عیراق".

ئەو پەرلەمانتارە کە لە هادی عامریەوە زۆر نزیکە دەشڵێت " بۆ ئەو مەبەستە، لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكدەهێنرێت بۆ كاركردن لەسەر راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان".

حەسەن شاكر ئەلكەعبی راشیگەیاند: ئەگەر دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لەناو خاكی هەرێم رانەگرێت، ئەوا پەنا بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان  دەبرێت بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی و پێویست لەدژی توركیا بگیرێتەبەر.
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە مانگی ١٢ ی ساڵی پار ٢٠١٧ەوە حکومەتی تورکیا پلانی هەیە کە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لەهەرێم توندبکاتەوەو ئەگەر بتوانێت زنجیرە چیای قەندیلیش کۆنترۆڵ بکات.



PM:11:12:05/10/2018