تورکیا سنوری بەرواری باڵای تۆپباران دەکات

سوپای تورکیا بەبیانووی ھەبوونی بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، بناری گوندی کێستە لە ناحیەی کانی ماسێ و
نزیک لە سنوری نێوان ھەرێم و باکوری کوردستان تۆپباران دەکات.

زنار ئەحمەد چالاكوانی مه‌ده‌نی لە دەڤەری بەرواری باڵا بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاند، شەوی شه‌ممه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر لە دوو کاتژمێر تۆبخانەکانی سوپای تورکیا به‌ به‌رده‌وامیی بناری گوندی کێستەی لەدەڤەری بەرواری باڵای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ بە سەختی تۆپباران كرد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، "تۆپبارانەکە سەخت بووە و ترس و دڵەڕاوکێی لە لای ھاووڵاتیانی ناوچەکە دروستکردووە".

ئەو چالاکوانە ئەوەشی خستەڕوو، "ھەر دوو رۆژ جارێک بناری گوندی کێستە لەلایەن ھێزە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا و تۆپخانەکانیانه‌وه‌ بۆردومان دەکرێت".

نزیکەی ٧٥ گوند لە پێکھاتەی مەسیح و موسوڵمان لە دەڤەری بەرواری باڵای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ لە سنوری قەزای ئامێدی ھەن و ناوچەیەکی سنورییە لەگەڵ باکوری کوردستان و تورکیا.


AM:12:40:08/10/2018