پارتی دەیەوێت بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دا بکات
سپی شێوازی حکومەتی نوێ ئاشکرا دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەیدایە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ یەکێتی و هەموو لایەنەکانی تردا بکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێکهێنانی حکومەتی ئایندەدا وەک شەریکێکی سەرەکی لەگەڵ یەکێتی مامەڵە ناکات، بەڵکو بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و ژمارەی ئەو کورسیانەی یەکێتی و لایەنەکانی تر بەدەستیان هێناوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سەرۆکی حکومەتی ئایندە کەبەپێی دەنگەکانی پارتی لەو حیزبە دەبێت، پارتی لەبەرنامەیدایە دوو جێگر بۆ ئەو پۆستە دابنیت، جێگرێکی ئیداری و جێگرێکی دارایی، وەک حکومەتی ئێستا سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی هاوبەش نابەن لە بەرێوەبردنی هەرێمدا".

هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، لەو حاڵەتدا سەرۆکی حکومەت کە پارتی دەبێت، تەنها جێگرێکی سەرۆکی حکومەت دەدات بە یەکێتی و جێگرێكی تریان دەدات بەو حیزبەی بەشداری حکومەت دەکات، هاوکات وەزارەتەکانیش بەهەمان پێوەر دابەشدەکرێن.

سپی زانیوویەتی کە یەکێتی ئەو دابەشکردنەی پێ قبووڵناکرێت و رەتی دەکاتەوە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن کە هەفتەی رابردوو راگەیاندرا، پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٤ کورسی بەدەستدەهێنێت، یەکێتی ٢١ کورسی، گۆڕان ١٢ کورسی، نەوەی نوێ ٨ کورسی، کۆمەڵ ٧ کورسی، یەکگرتوو ٥ کورسی، سەردەم ١ کورسی.




PM:11:03:09/10/2018