وەزیری دەرەوەی توركیا دەگاتە هەولێر

وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدا دەكات و لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە پێشوازی لێدەكرێت و دواتر سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات.

ئاژانسی ئەنادۆڵی‌ زمانحاڵی فەرمی‌ حكومەتی توركیا بڵاویكردۆتەوە، مەولود چاوش ئۆغڵو ڕۆژانی 11و 12ی ئەم مانگە، سەردانی عیراق دەكات و دواتریش لەهەولێر ژمارەیەك دیدارو كۆبونەوەی باڵا ئەنجامدەدات.

ئەوەش ئاشكراكراوە، چاوش ئۆغڵو لەسەردانەكەیدا لەلایەن د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقەوە پێشوازیدەكرێت و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەو بەرپرسی لایەنە عیراقییەكان ئەنجامدەدات، هەر دوای ئەو سەردانەش لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگاتە هەرێمی كوردستان.

تائێستا ئامانجی سەردانەكەی ئەو وەزیرەی‌ توركیا بۆ عیراق و هەرێمیش ڕوننەكراوەتەوە، بەڵام چاوەڕواندەكرێت، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردولاو ناوچە سنورییەكانی عیراق و توركیا بكات.



AM:10:48:10/10/2018