پارتی زۆرترین سکاڵای لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت " حزبەکەی زۆرترین سکاڵای یاسایی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن تۆمار کردووە، بەڵام کۆی پرۆسەکە رەت ناکاتەوە".

 هێمن هەورامی، سەرۆکی لیستی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا، بە ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی راگەیاندووە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئەنجامی %85ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئاشکرا کرد، کە رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018 ئەنجام درا.

هێمن هەورامی هەروەها رایگەیاندووە، نابێ کۆمسیۆن لەسەر بنەمای سیاسی بڕیار بدات، ”هیوادارین مەبەستی سیاسی تێکەڵ بە لایەنی تەکنیکی نەکەن".

سەرۆکی لیستی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەگەر کۆمسیۆن بەپێی یاساکانی خۆی هەر هەنگاوێک بگرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی گومانەکان، ئەوا حزبەکەی پشتگیری لێ دەکات.

هەروەک هێمن هەورامی رایگەیاندووە، پارتی لەچاو لایەنەکانی دیکە ”زۆرترین" سکاڵای یاسایی و تەکنیکی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بە تایبەت لە سنوورەکانی سلێمانی، راپەڕین، هەڵەبجە، گەرمیان، کۆیە و شوێنی دیکە تۆمار کردووە.

سکاڵاکانی پارتی وەک هەورامی ئاماژەی پێ کردووە، لە رووی تەکنیکی و یاساییەوە بووە نەک بەمەبەستی رەتکردنەوەی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو ناوچانە، پارتی سەرەڕای ھەموو کەموکورتییەکان، سەرکەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە ” سەرکەوتنی ھەموو کیانە سیاسییەکان و تەواوی گەلی کوردستان" دادەنێت.

 هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان حکوومەتی زۆرینەی سیاسی دەبێت.



PM:02:16:11/10/2018