بەرهەم ساڵح داوایەک ئاراستەی تورکیا دەکات

دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە بارەی سەرچاوەكانی ئاوەوە داوای  رێككەوتنێکی ستراتیژیی لە وڵاتی تورکیا دەکات.

‎ ئەمڕ‌ۆ پێنجشەممە 11ی تشرینی یەكەم، دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیكرد لە مەولود چاویش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆشكی سەلام لە بەغداد و، هەوڵەكانی عیراقی خستەڕو بۆ بنیاتنانی پەیوە‌ندییەكی هاوسەنگ و پڕ‌ دەستكەوت لەگەڵ توركیاو دەوڵەتانی دراوسێدا.

‎سەرۆك كۆمار بە پێویستی زانی رێككەوتنی ستراتیژیی هەمیشەیی هەبێت لە بارەی سەرچاوەكانی ئاوەوە بەوپێیەی ئاو مەسەلەیەكی زیندو و چارەنوسسازە بەلای ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی عیراقەوە لە نێوان ئەنبار و بەسرەدا.

هەر ‎لەو دیدارەدا بەرهەم ساڵح رایگەیاند، عیراق پتەوكردنی هاریكاریی دووقۆڵیی و بەرژەوەندییە ئەمنیی و ئابورییە هاوبەشەكان لەگەڵ توركیا لەڕێی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ و راوێژی بەردەوام سەبارەت بەمەسەلە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی خستۆتە ریزی پێشەوە، متمانەی خۆیشی دەربڕ‌ی بەوەی، كە لە توانادایە پەیوەندییەكانی عیراق – توركیا بكرێتە مایەی خۆشیی و ئۆقرەیی بۆ تەواوی ناوچەكە بە حوكمی پێگەی ستراتیژیی هەردو وڵات كە لە سەنتەری ناوچەكەدان و تەواوكەری یەكترن.

لایخۆشییەوە ‎وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییە بنیاتنەرەكانی لەگەڵ عیراقدا لەبواری ئاو و سەرجەم بوارەكانی دیکەدا كردەوە، هاوكات بەبایەخیشەوە پشتیوانیی یەكێتیی و سەروەریی عیراق و هاوكاریی گەلی عیراق دەكات بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لەو بارەیەشەوە ئاماژەی بەوەكرد كە هاریكاریی بنیاتنەر لەنێوان هەردو وڵاتدا رەنگدانەوەی پۆزەتیڤی دەبێت بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، بەشدارییش دەكات لە چەسپاندنی ئارامیی و ئۆقرەیی لە ناوچەكەدا.


PM:07:54:11/10/2018