وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێکۆڵینەوە لە ساختەکاریەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

فراکسیۆنە ناڕازیەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن کە وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت لەسەر ساختەکردن لە رەگەزنامەو ناسنامەی عێراقی کە هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی پێ تۆمەتبار دەکرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا. 

 لە بەیاننامەکدا گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ دا هاتووە "لەسەر داوای هەر چوار فراکسیۆنەکەیان وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانیکردووە بە دروستکردنی سێ لیژنەی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە ساختەکردنی هەزاران ناسنامە و رەگەزنامەی عێراقی لە هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ۳٠ ئەیلولی ۲٠۱۸."

وەزیری ناوخۆ لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ نوێنەری ئەو چوار فراکسیۆنە، کاوە محەمەد لە گۆران، سەرکەوت شەمسەدین لە نەوەی نوێ، ئەحمەد حاجی رەشید لە کۆمەڵ، جەمال کۆچەر لە یەکگرتوو، رایگەیاندووە، "ساختەکردنی بەڵگەنامەی دەوڵەت تاوانێکی گەورەیە و دەستبەجێ لیژنەی بۆ پێکدەهێنین و مەترسییەکی گەورەشە لەسەر ئاسایشی وڵات".

چەند رۆژێک لەمەوبەر فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو و نەوەی نوی و گۆران و کۆمەڵ پێکەوە  داوایەکیان ئاراستەی وەزیری ناخۆی عێراق کرد و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەیانکرد لە ساختەکاری بەڵگەنامە و ناسنامە و رەگەزنامەی عێراقی و بەکارهێنانی لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا کە ٣٠ ئەیلول ئەنجامدرا.



AM:12:01:14/10/2018