دژی كەمی موچەكانیان و دەستبەسەركردنی مامۆستایان لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە و هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو پارەیەی كە ساڵانە لە خوێندكار وەردەگیرێت، مامۆستایانی بەشێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران مانیانگرت.
ئەمڕۆ بەشێك لە مامۆستایانی شارەكانی سنە و كرماشان و ئیلام و جوانڕۆ و مەریوان و سەقز و چەند شارێكی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان دژ بە گرانیی و بارگرانی ژیانیان مانیانگرتووە و نەچوونەتە ناو هۆڵەكانی خوێندن.
هاوكات لە شارەكانی تاران و ئەسفەهان و كەرەج و شیراز و چەند شارێكی دیكەی ئێران بەشیك لە مامۆستایان بەوهۆیەوە مانگرتنیان راگەیاندووە و دەرگای هۆڵەكانی خوێندنیان نەكردووەتەوە.
مامۆستایان بە بەرزكردنەوەی چەندین دروشم لەوانەش، "جێگای مامۆستا زیندان نییە" و "نە بۆ جیاوازی چینایەتی" و "خوێندنی خۆڕایی مافی خوێندكارانە"، داوایان لە حكومەتی ئێران و وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە كردووە، داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات.
لە چەند مانگی رابردوودا و بەهۆی گەڕانەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران قەیرانی ئابوری رووی لەو وڵاتە كردووە و چینی مامۆستاش بێبەش نەبووە لەو زیانەی كە بەوهۆیەوە بەر هاووڵاتیان ئێران كەوتووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە هەفتەی ڕابردوو و دژی گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل و ھەڵاوسانی بازاڕ؛ مانگرتنی گشتیی لە بەشێك لە شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران بەڕێوەچوو.