وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ئاشكراكرا

بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند، كاركردن لە ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكان لەم هەفتەیەدا تەواو دەبێت و سكاڵاكانیش پۆڵین كراون.

كاروان جەلال، بەڕێوەبەری داتاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە تیمەكانیان بەردەوامن لە كاركردن لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان و بەشێكی زۆری ئەنجامەكان تەواو كراون، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیەدا ئەوان كارەكانی خۆیان تەواو بكەن و ئەنجامەكانیش بە راپۆرتێك ئاڕاستەی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكەن بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەن.

ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، وتی "كۆمسیۆن بەردەوامە لە كارەكان بۆ ئەوەی بتوانێ ئەنجامەكان تەواو بكات و رایبگەیەنێت، ھەنگاوی زۆر باشیش نراون و سكاڵاكان ھەمووی پۆڵێن كراون و خراونەتە بەر دەستی ئەنجومەنی كۆمسیاران، هەروەها بڕیارە لە ھەر پارێزگایەكیش 15 سندووقی دەنگدان بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، ئەمەیش وەك رێكارێكی كۆمسیۆنە ئەنجامی دەدات و دواتریش ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن".

ئارام نەجمەدین وتیشی "بەپێی پێشبینیی ئێمە، چاوەرێ دەكرێت رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا بكات".

رۆژی 30 ئەیلولی 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، رۆژی 4ی تشرینی یەكەمی 2018، كۆمسیۆن سەدا 85ی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كەلە بەر زۆری سكاڵاكان لەسەر هەڵبژاردنەكە، ئەنجامی كۆتایی دواكەوت.



PM:03:24:14/10/2018