خوێندكاران لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران خێمە هەڵدەدەن

فێرخوازە یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران دژی دانەمەزراندیان خێمە هەڵدەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨، فێرخوازە یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە هەولێر خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داویان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كارێكی جدی بكات بۆ دامەزراندنیان.

بە وتەی فێرخوازەكان كە دەرچووانی ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ن، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا نووسراوی تایبەت بە دامەزراندنیانی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجومەن هیچ هەنگاوێكی كرداری نەناوە.

هاوكات داوا دەكەن كە حكومەتی هەرێم هاوشێوەی یەكەمەكانی ساڵانی رابردوو دایانبمەزرێنێت، چونكە ئێستا بارودۆخ باشتربووە.

ئاماژە بەوەشدەكەن، تا ئەنجومەنی وەزیران وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەیان دەداتێ لە بەردەم ئەنجومەندا خێمە هەڵدەدەن و بەردەوام دەبن لە دەربڕینی ناڕەزایی.




PM:01:29:15/10/2018