بەرپرسێکی یەکێتی مژدەیەک دەدات بەهاوڵاتیانی کەرکوک

ئاسۆ مامەند مژدە بەدانیشتووانی شاری كەركوك بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە بەگشتی و لایەنگرانی یەكێتی دەدات و دەڵێت "چاوەڕوانی مژدەی خۆش بن". ( بەبێ ئەوەی مژدە خۆشەکەی راگەیاندبێت).

ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی كەركوك روونكردنەوەیەكی سەبارەت بەپۆستی پارێزگاری كەركوك بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە "من ئەندامێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانم، هەموو ژیانم لە خزمەتی نەتەوەكەمدا كارم كردووە، چەند ساڵێكە لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكاندا لەكەركوك بووم.لەهەر شوینێكیش بم پلەو پوست گرنگ نیە لای من، بەڵكو ئەوەی گرنگە چەند بتوانم لە خزمەتی هەمو لایەك بم". 

لەبەشێكی تری ئەو رونكردنەوەیەدا و سەبارەت بەبارودۆخی كەركوك ئاسۆ مامەند رایگەیاندووە، " لەدوای ١٦ ئۆكتۆبەرەوە، بەتایبەتی بۆ خەڵكی كەركوك ئەو گۆڕانكارییەی بەسەر ناوچەكەدا هات، رۆژگارێكی ناخۆش بوو، بەڵام ئێمە لەگەڵ هەڤاڵان و دڵسۆزاندا شارەكەمان بەجێنەهێشت و لە خزمەتی ئەواندا بوم".

 لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی  ئاشكرایكردووە "لەگەڵ هەڤاڵانمان خەریكی باشكردنی بارودۆخی كەركوكین و جێ دەستیشمان دیارە. لەبارەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك یاخود هەرپۆستێكی تر لەحكومەتی فیدراڵی ئاسۆ مامەند هەموو ئەو دەنگۆو قسەو قسەلۆَكانەی رەتكردەوەو دەڵێت "من بۆ پوست و پلەو پایە نەچومەتە بەغدا، میللەتەكەم و حزبەكەم هەر ئەركێكم پێ بسپێرن ۆ خزمەتكردنی كوردو شاری كەركوك دەبێتە ئەركی سەرشانم،هەرچەندە ئەو دەنگۆیانەی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لەلایەن منەوە دوورە لەراستییەوە و هەڤاڵێكی ترمان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار ئامادەكردووە، بەڵام ئەو پۆستە بە مافی كوردو لەنێوكوردیشدا بەپشك و مافی هەڤاڵانی یەكێتی دەزانین، بۆیە هەر هەڤاڵێكیش دیاری بكرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هەموومان ئیلتیزامی پێوە دەكەین". 

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەشیدا مژدە بەدانیشتووانی شاری كەركوك بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە بەگشتی و لایەنگرانی یەكێتی دەدات و دەڵێت "چاوەڕوانی مژدەی خۆش بن".

ئەو مژدەدانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە سبەی ١٦ ئۆکتۆبەر رۆژی داگیرکردنی کەرکوکە لەلایەن هیزە عێراقییەکانەوە بەهاوکاری ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی.



PM:08:42:15/10/2018