نەوەی نوێ: دەسەڵات دەیەوێت بازاڕ بۆ زانکۆ ئەهلیەکان بدۆزێتەوە

نەوەی نوێ پشتگیری خۆپیشاندانی خوێندکاران دەکات کە ناویان لە کۆلیژەکان نەهاتۆتەوەو پێیانوایە" دەسەڵات دەیەوێت بازاڕ بۆ زانکۆ و پەیمانگا ئەهلیەکان بدۆزێتەوە".

لە راگەیەندراوێکدا لەسەر خۆپیشاندانی دوورۆژی رابردوو خوێندکاران، نەوەی نوێ دەڵێت " ئێمە لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌”، پشتیوانیی لە داوای رەوای خوێندكاران و ئەم توێژە زیندوەی كۆمەڵگاكەمان دەكەین، كە دەسەڵات بە ئانقەست دەیەوێت هەم كایەی پەروەردە و خوێندن بێ نرخ بكات، هەروەها بازاڕیش بۆ زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكانی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی خێزانە بەشمەینەتەكانی گەلەكەمان، كە سێ‌ ساڵ زیاترە دۆخێكی كارەساتباری داراییان بۆ دروستكراوە، هێندەی تر بارگرانیی سەرشانیان زیاتربكرێت و ناچاربكرێن بۆ درێژەدانی رۆڵەكانیان بە خوێندن، پارەیەكی زۆر بدەن، بۆ ئەوەی كچ و كوڕەكانیان بخەنە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان".

دەقی راگەیاندراوەکە..

راگەیاندراوێك لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌”وە

سەرەڕای ئەو قەیرانە یەك لەدوای یەكانەی لە 27 ساڵی رابردودا، هەردو حزبی دەسەڵات بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان-یان دروستكردوە، هەر لە قەیرانی ئابورییەوە بیگرە تا قەیرانی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەمنیی، تا دەگاتە پەروەردەیی و فەرهەنگیی، لە تازەترین كێشەدا، كە ئەم دەسەڵاتە بۆ نەوەی نوێی هەرێمەكەمانی دروستكردوە و پەیوەندیی بە ئاییندەی نەوەی نوێ-وە هەیە و هەروەها درێژەدانە بە بێنرخكردنی كایەی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان دا، پرسی وەرگرتنی خوێندكارانی دەرچوی شەشی ئامادەییە لە زانكۆ و پەیمانگەكان دا، كە ئەمساڵ زیانێكی گەورە بەر زۆرینەی دەرچوانی شەشی ئامادەیی دەكەوێت.

ئێمە لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌”، پشتیوانیی لە داوای رەوای خوێندكاران و ئەم توێژە زیندوەی كۆمەڵگاكەمان دەكەین، كە دەسەڵات بە ئانقەست دەیەوێت هەم كایەی پەروەردە و خوێندن بێ نرخ بكات، هەروەها بازاڕیش بۆ زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكانی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی خێزانە بەشمەینەتەكانی گەلەكەمان، كە سێ‌ ساڵ زیاترە دۆخێكی كارەساتباری داراییان بۆ دروستكراوە، هێندەی تر بارگرانیی سەرشانیان زیاتربكرێت و ناچاربكرێن بۆ درێژەدانی رۆڵەكانیان بە خوێندن، پارەیەكی زۆر بدەن، بۆ ئەوەی كچ و كوڕەكانیان بخەنە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان.

دەسەڵات بەم بێنرخكردنەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان دا، دەیەوێت هێندەی تر گەنجانی وڵاتەكەمان بێهیوابكات و لەجیاتی ئاسانكاریكردن بۆ رۆڵەكانمان، بۆ ئەوەی خزمەتی وڵاتەكەمان بكەن، بەم رەفتارانەیان، هێندەی تر خوێندكاران و گەنجانمان بێهیوادەكەن و ناچاریاندەكەن وڵات بەجێبهێڵن و ڕو لە ئاییندەیەكی نادیار بكەن.

جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌”، پشتیوانیی لە خوێندكاران و گەنجانی وڵاتەكەمان دەكات، بە تایبەت ئەوانەی كە لە ئێستادا ناویان نەهاتۆتەوە و ئایندەیان نادیارە،وە پێویستە بزانین ئەوانە ئاییندە و رۆشنایی گەلەكەمانن و دەبێت ئاستەنگەكانی بەردەم خوێندنیان لاببرێت،وە لەبری دروستكردنی كێشە بۆیان، ئاسانكارییان بۆ بكرێت و بارگرانی سەر خێزانەكانیشیان كەمبكرێتەوە و ئاستی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكانیشمان بەرزبكرێنەوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌



PM:09:37:15/10/2018