رۆژنامەنووسێکی پارتی: بارزانی رێگا نادات بەرهەم ساڵح پێ بخاتە هەولێرەوە

رۆژنامەنووسی ناسراوی پارتی، رێبوار کەریم وەلی دەڵێت " بارزانی وتوییەتی ئەگەر بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆکی عێراق، ڕێگەی پێ نادات پێ بنێتە هەولێرەوە".

رێبوار كەریم لە مێزگردێكدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی كوردی ئەمەریكا باسی لە ناكۆكیی و لێكترازانی یەكێتی و پارتی كردوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و ئاماژە بەوە دەکات " لە سەروبەندی یەکلاکردنەوەی ئەو پرسەدا لەگەڵ رۆژنامەنوسێك چونەتە لای مەسعود بارزانی بە گەیاندنی پەیامێکی کۆسرەت رەسوڵ و هۆشداری رودانی دو ئیدارەییان پێداوە، بەڵام بارزانی باكی نەبوە و پێی راگەیاندون "با رو بدات".

ناوبراو " ئەوە دەخاتەڕو لەو سەردانەدا مەسعود بارزانی وتویەتی؛ ئەگەر بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، رێگە نادات پێ بخاتە نێو هەولێرەوە".

ڕیبوار کەریم وەلی دەشڵیت "هیچ متمانەیەك لەنێوان بەرپرسانی پارتی و یەكێتی نەماوە و زۆربەی بەرپرسانی پارتیش باكیان بە دوو ئیدارەیی نییە".

جەختیش لەوە دەکاتەوە؛ لەسەر دانانی پۆستی پارێزگاری كەركوك ناكۆكییەكی دیکەی پارتی و یەکێتی بەڕێوەیە و دەڵێت " رەنگە ئەگەر یەکێتی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێتەوە لەداهاتودا کار بۆ ئەوە بکات كەركوك و هەڵەبجە و سلێمانی بكاتە هەرێمێكی سەربەخۆ و هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە".

رێبوار کەریم وەلی دەشڵێت "ئەوە لەکاتێکدایە پێش بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی عێراق، بەرهەم ساڵح سەردانی پیرمامی کرد، بەڵام بارزانی قایل نەبو بەوەی کاندیدەکەی خۆی بکێشێتەوە و بەرهەم ساڵح بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە دواتر بارزانی تەنها ئاماژەی بەوەکرد کە لەسەر داوای بەرهەم ساڵ  لەگەلی کۆبوەتەوە هەمان شەو بەرهەم ساڵ راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە کە هەردوکیان ئاماژە بون بۆئەوەی نەگەیشتونەتە رێککەوتن و دواتر بابەتەکە لە پەرلەمانی عێراق یەکلا کرایەوە".

لەو بەرنامەیەدا هاورێ لەگەڵ ڕێبوار کەریم وەلی، محەمەد رەوف رۆژنامەنووسی بەشداری مێزگردەکەیان کرد.



PM:10:58:15/10/2018