" دانانی پارێزگایەکی نوێ بۆ کەرکوک شکستی هێنا "

هەرچەندە یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەمڕۆ پۆستەکانی پارێزگاری کەرکوک بەسەر هەرسێ پێکهاتەکەدا دابەشدەکرێت و کەرکوک پارێزگارێکی نوێی " یەکێتی " بەخۆیەوە دەبینێت، بەلآم ئەم هەنگاوە ئەمڕۆ شکستی خوارد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە هۆکاری دابەشنەکردنی پۆستەکان( پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەن، جێگری پارێزگار ) بەسەر پێکهاتەکاندا دەگەرێتەوە بۆ هەڵوێستی بەرەی تورکمان کە ئەمشەو لەو رێککەوتنە پەشیمان بۆتەوە.

بەگوێرەی بەرنامەکە دەبوایە ئەمڕۆ ١٦ ی ئۆکتۆبەر بە پاکێجێک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چالاکبکرایەتەوەو، پارێزگار و جێگرەکەی هەڵبژێردرانەیە، بەلآم بەرەی تورکمانی پەشیمان بۆتەوەو جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە سەرەتا ئەنجومەنی پارێزگا چالاک بکرێتەوەو سەرۆکێک بۆ خۆی هەڵبژێردرێت، لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوەکانی تر بنرێت، بەلآم ئەم داوایە لەلایەن لیستە کوردیەکان و لەپێش هەمووشیانەوە لەلایەن لیستی یەکێتی یەوە رەتکراوەتەوە، بەو بیانووەی کە زەمان نییە بۆ ئەوەی بەرەی تورکمانی سبەی دەنگ بە پارێزگارە کوردەکەی یەکێتی بدات.

تا ئێستا هۆکاری پاشەکشەی بەرەی تورکمانی لەو رێککەوتنە نەزانراوە، ئەوەش ئاشکرا نەبووە کە پارتی رۆڵی چییە لەم شکستەدا، لە کاتێکدا هەموو ئەو پرۆسە و رێککەوتنە بەبێ پارتی ئەنجامدراوە.

لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ەوەو دوای داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکان و دەرکردنی پێشمەرگە  لەو ناوچانە، پارێزگاری کەرکوک د. نەجمەدین کەریم و سەرۆکی ئەنجومەن رێبوار تاڵەبانی هەڵهاتوو ئەنجومەنەکەش پەکی کەوت، جەند رۆژێکە یەکێتی سەرقاڵی رێککەوتنە لەگەڵ تورکمان و عەرەب و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەلآم ئەمڕۆ شکستی هێنا.  



PM:07:10:16/10/2018